Рет қаралды 782
گوڵەکەم! ماڵی دڵم هێشتە نەڕوخاوە دەڕۆی
بۆچی بارگەی سەفەرت تێکەوە پێچاوە دەڕۆی؟
بۆچی پێتوایە مەکۆی دێوەزمە و مۆتەکەیە؟
دڵی من زێدی فریشتانە لەخۆڕاوە دەڕۆی
ڕۆحی سەوزی غەزەلی تۆ لەدڵم هەڵدەقوڵێی
وەک هەناسەم لەگەڵمدای و بەشاراوە دەڕۆی
چاوەڕێی زەردەخەنە و تامەزرۆی(ئــــــــا)یەکتم
کەچی تۆ بێ بەزەیی دێی و بە (نا،نا)وە دەڕۆی!
دڵ لەسایەی خەم و فرمێسکەوە ئەشقی ناسی
تۆ دەڵێی بۆ خەمی من هێشتە نەگریاوە، دەڕۆی
فرچکم گرتە بە فرمێسکی چەمی مەمکی ئەوین
چونکە خەمبارە دڵم، سڵ دەکەی و واوە دەڕۆی؟
گوڵەکەم باخی دڵم پڵ لە گوڵی شیعری تەڕە
سەیرە پێتوایە دڵــــم پایزە لێیداوە، دەڕۆی…
ئەمین گەردیگلانی