Рет қаралды 385
ئەرجان ماری یەکێک بوو لە گەنجە خوێندەوارەکانی کۆمەڵگەی کوردانی ئێزدی کە بەر لە هەمووشتێک دڵی لای ئەوەبوو ئێزدییەکان بە کوردستانی و نەتەوە راستەقینەکەی خۆیان بمێننەوە و ناسنامەکەیان نەشێوێندرێت. گەنجانی کۆمەڵگەکەی هاندەدا رووبەڕووی شەپۆلی بە عەرەبکردنی ئێزدییان ببنەوە.
ساڵی 1982 بە ناچاری روویکردە چیا بڵندەکانی ناوچەی شێخان و بووە پێشمەرگە، چونکە پیاوەکانی رژێم دەیانویست دەستگیری بکەن. دەیانزانی بە دەستگیرکردنی ئەو، ناوچەی باعەدرێ کادرێکی چالاک و کوردێکی ئێزدی چەلەنگ و کاریگەر لەدەستدەدات.
ئەرجان ماری، ئەو گەنجە سەرکێش و چاو نەترسە ئێزدییەی، ئەندازیار و نووسەر و شاعیر و چالاکوان و نیشتماندۆست بوو. فەریدی برای کە یەکێک بوو لە شانۆکارە دیارەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێزدی، پێکەوە رۆڵێکی زۆریان بینی لە شکستپێهێنانی ئەو هەڵمەتە بەرفراوانەی پیاوەکانی رژێمی سەددام حوسێن بۆ گۆڕینی نەتەوەی ئێزدییەکان لە کوردەوە بۆ عەرەب.
ئەرجان ماری ساڵی 1957 لە باعەدرێ لە دایکبووە، ساڵی 1979 کۆلێژی ئەندازیاری لە بەغدا تەواوکردووە و هەر لەو ساڵەدا پەیوەندی بە رێکخستنەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان کردووە. ساڵی 1982 پەیوەندی بە ریزەکانی پێشمەرگەوە کردووە تاوەکو رۆژی 6ی سێپتێمبەری 1988 لە شاڵاوی ئەنفالکردنی بادینان کەوتە دەست سوپای ئەوکاتی عێراق و دواتر وەک هەزاران کوردی دیکە بێسەر و شوێنکرا.
ئەم بەڵگەفیلمە لە رۆژی 3ی سێپتێمبەری 2021 بڵاوکرایەوە.
پرۆدیوسەر: نەوزاد مەحموود
وێنەگرتن: ئاری ئەمین