Рет қаралды 82
گورگاز _ Wolfdog...
ناتوانین بڵێین جۆرێکی سەربەخۆیە، بەڵام دەتوانین بڵێین وەچەیەکی نوێیە، لەنێوان گورگ و سەگدا دروست دەبێت، بەرهەمی جوتبوونی سەگ و گورگە، وەک چۆن لەنێوان کەر و مایندا جوتبوون دەکرێت (قاتر - هێستر) دروست دەبێت، کە وەچەیەکی نوێیە، بەرهەمێک دروست دەبێت، لە هەردوو تایبەتمەندییەکانی کەر و ماین.
کاتێک جوتبوونیش لەنێوان سەگ و گورگدا ڕوودەدات، بەرهەمێکیان لێدروست دەبێت، بەناوی (گورگاز)، هەرچەندە لە هەندێک ناوچەی گەرمیان، بە (چەقەڵ) دەڵێن گورگاز، بەڵام چەقەڵ خۆی جۆرێکی سەربەخۆیەو گورگاز نییە، واتە دوو ئاژەڵی جیاوازن.
گورگاز تایبەتمەندی هەم (سەگ)و هەمیش(گورگ)ی تێدایە، هەرچەندە لەڕووی زانستییەوە ئەم وەچە نوێیە شتێکی خراپەو کاریگەری خراپیشی دەبێت، لەسەر تێکدانی بۆماوەمادەی گورگەکان، بەڵام لە کۆنەوە هەتاوەکو ئێستا، هەندێکجار ئەم بەرهەمە دروست بووەو دەبێت،کۆنترین بەڵگەی بونی گورگاز لە وڵاتی مەکسیک ساڵی ۲۰۱۰ دۆزرایەوە، گورگازێک لەگەڵ جەنگاوەرێک نێژراوە، تەمەنی ئێسکەکە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ۲۰۰۰ ساڵ بەر لەئێستا .
جوتبونی سەگ و گورگەکان هەندێکات بەدەستێوەردانی مرۆڤ دەکرێت، واتە مرۆڤ دەبێتە هۆی لێکدانی گورگ و سەگەکان، بۆ دروستکردنی ئەم وەچە نوێیە. هەندێکاتیش بە سروشتی ڕودەدات ئەویش بەهۆکاری کەمبونەوەی ژمارەی گورگەکان و زۆربونی ژمارەی سەگەکان و پەلهاویشتنیان بۆ ناو سروشت و داگیرکردنی ژینگەی گورگەکان .
بەشێوەی سروشتی زۆربەی کاتیش لەنێوان مێیەی (گورگ)و نێرەی (سەگ)دا جوتبونەکە ڕوودەدات...
باوانی سەگ و گورگەکان یەکن، بەڵام سەگەکان بەهۆی ماڵیکردنیانەوە، خاسیەتی سروشتییان لەدەستداوە، بۆماوەمادەکەیان گۆڕاوە، لە گیاندارێکی سرکی کێوییەوە، بۆ گیاندارێکی ماڵی و کۆمەڵایەتی، لە ئێستادا سەگەکان هەڵگری چەندین جۆر نەخۆشی و ڤایرۆسن کە نامۆیە بە گورگ و گیاندارە کێویەکان .
تێکەڵبوون و تێکەڵکردنەوەی سەگەکان، بە سروشت، کاریگەری خراپ و دوورمەودا بەجێدەهێڵێت، وەک ئەم جۆرە تێکدانەی، کە لێرەدا بەڕوونی دەیبینین...