Рет қаралды 7,829
عەلی کەردار ساڵی ١٩٢٨ لە ئاوایی باخچەی بناری چیای میرقاز، سەر بە شاری بۆکان لە دایک بووە. حەیران و بەیت و باوی لە دەمی خۆشخوانانی وەک "ساڵە کوردە" و "کەریم ملخوار" و "ڕەحمان لێفەدروو"وە قۆزتۆتەوە و بە زەوقی خۆی وەریگرتوون و کوتوونیەتەوە. حەیرانی بە ھەر سێک شێوازی دەشتی ھەولێر و بەری سۆران و دیوی مەنگوڕ و گەورکان کوتۆتەوە. شێوازی کوتنی بەیتەکان لە زاری عەلی کەردارەوە تایبەت بە خۆیەتی و سۆزی دەنگ و حەزی شاراوەی ناو قوڕگی وای کردووە لاسایی کردنەوەی مەحاڵ بێ. عەلی کەردار جگە لە حەیران و بەیت، وردەقام و بەندیشی کوتوون. وردەقامەکانی مۆرکی خۆی پێوەیە و کوتنی لە کوتنی کەس ناچێ و لاساییکردنەوە نین. کەردار جگە لەو ھونەرانەی ھەیبوون قسەخۆش و نوکتەزان و بەمشووریش بووە، لە ناو مەجلیساندا ڕووی ھەموان لەوی بووە. ھەقایەت و چیرۆکانیشی زۆر زانیوە و لە مەجلیسان کوتوونی. خەڵک بە حورمەتەوە لێیان ڕوانیوە و قسەیان لێ وەرگرتووە و لە ناوبژیدا کەس قسەی نەشکاندووە. بە ھەر ھۆیەکەوە بێ زۆر خووی نەداوەتە تۆمارکرانی دەنگ و ڕەنگی و لەو دەریا بێسامانەی فولکلۆری کورد ئەوی لە خنکان قوتار بووە زۆر نین و ھەمووشیان عەنتیکەن.