Рет қаралды 279,998
ژیانی مەرزییەی فەریقی:
مەرزیە فەریقی ساڵی ١٩٥٨ زایینی لە شاری مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، بەڵام دایک و باوک و کەسوکاری خەڵکی شاری سنەن. خوێندنی سەرەتایی لە مەریوان دەست پێ کردووە؛ ھەر لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە حەزی لە گۆرانی و شانۆ بووە. چەندین جار لە قوتابخانەکەیاندا لە بۆنە و جەژنەکاندا بەشداری کردووە و لە تیپی شانۆشدا چالاکی نواندووە.
مەرزیە لە سەرەتادا بە گۆرانیی فارسی و بە گۆرانییەکانی فەتانە وەلیدی دەستی بە تێکۆشان کردووە. بەڵام لەبەر ئەو زوڵم و زۆرییەی کە حکوومەتی حاکم لە کورد و زمان و ئەدەب و ھۆنەری کوردی دەکرد، وازی لە گۆرانیی فارسی ھێناوە و گوتنی گۆرانی کوردی دەست پێ کردووە.
مەرزیە دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە مەریوان، لەبەر ئەوەی ئەو شارە بچووک و دەرەتان بۆ خوێندن کەم بووە، بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە شاری سنەی ناوەندی پارێزگا. لەوێ چووەتە زانستە ئامادەیییەکان و خوێندنی مامۆستایەتی تەواو کردووە. ھەر لەو شارە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ کۆڕی مۆسیقای سنە چەندین جار چووەتە سەر شانۆ و گۆرانی گوتووە. پاش تەواوکردنی ئەو دەورەیە لە سنە، گەڕاوەتەوە بۆ مەریوان و لە گوندێکی نزیک ئەو شارە بووە بە مامۆستا. مەرزیە پاش دوو ساڵ وانەگوتنەوە گوازراوەتەوە بۆ سنە و لەوێ، لەو شارە لە قوتابخانەی سەرەتایی دامەزراوە و دەستی بە وانە گوتنەوە کردووەتەوە.
ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ناسر ڕەزازی ژیانی ھاوسەری پێک دێنێت؛ لەبەر بەسەرداھاتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ناسر شانبەشان لە خۆنیشاندان و ڕێپێوان و خەبات دژی شای دەرکراو، خەباتی کردووە و کەوتووەتە ژێر چاوەدێری. کە ئێران ھاتووەتە سەر کار، لەگەڵ ناسر خەباتی خۆی بۆ ڕزگاریی کوردستان ھەر درێژە پێ داوە، بەڵام ئەمجارەیان گیراوە و بۆ ماوەیکی کورت کەوتووەتە بەندیخانە و کاری مامۆستایەتییەکەی لێ سێندراوەتەوە.
ساڵی ١٩٨٠ کە کۆماری ئیسلامی شارەکانی کوردستانی خستەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، مەرزیەش لەبەر ڕاوەدوونان و گرتن نەیتوانی لە شاردا بمێنێتەوە و چووە بۆ لای ناسر لە شاخ و ئەویش بوو بە پێشمەرگە.
یەکەمین گۆرانیی کوردی کە مەرزیە فەریقی تۆماری کرد: «لەسەر کانی دێتەوە لێو بە کەنی و گۆزە بە شانەوە» بوو. مەرزیە فەریقی زۆر حەزی لە بیستنی کارە ھونەرییەکانی باشووری کوردستان بەتایبەت تیپی مۆسیقای سلێمانی بوو و زیاتر حەزی بە گۆرانییەکانی ھونەرمەندان کەریم کابان و قادر کابانی دەکرد.
یەکەمین سروود کە مەرزیە، تۆماری کرد سرودی «سڵاو بۆ پێشمەرگە» بوو؛ دوای ئەوە گۆرانی «گیانەکەم بە ئاسمانی شین». ئەم گۆرانییە ھونەرمەندی کورد عەزیز شاھرۆخ گووتەیەتی بەڵام مەرزیە دەسکاری شیعرەکانی کردووە و لە قاڵبی شۆڕشگێڕیدا وتوویەتی دوای ئەوە گۆرانی «ماچی خودایی» و گۆرانی «پاییز». ئەمانە ھەموویان دیاریی سەردەمی پێشمەرگایەتین. دەتوانین بڵێین کە مەرزیە یەکەمین گۆرانیبێژی ژن بوو کە سرودی تۆمار کردووە.
مەرزیە بەر لەوەی کە ببێ بەھاوسەری ناسر، لە سەردەمی شادا، لە سنە لەگەڵ فەرھەنگ و ھونەری ئەو شارە گۆرانی گوتووە، بەڵام لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا کە تێکۆشانی ھونەری بۆ ژن قەدەغە بووە، وازی لە کاری ھونەری ھێناوە، بەڵام وەک باس کرا، لە سەردەمی شاخ کاری ھونەری دەس پێ کردووەتەوە. بەداخەوە لە شاخ لەبەر نەبوونی و بێ دەرەتانی ھونەری و پێشمەرگایەتی و چەندین ھۆکاری دیکە، ناچار لەگەڵ ناسر و منداڵەکانی وازیان لە پێشمەرگایەتی ھێناوە و ساڵی ١٩٨٥ چوونەتە وڵاتی سوید و وەکوو پەنابەر ماونەتەوە. مەرزییە لە سوید بووە بە خاوەن کوڕێکی دیکە بەناوی کاردۆ.
سەرەتا مەرزیە لەگەڵ ناسر لە سوید و ئەورووپا، کاری ھونەری دەست پێ کردووەتەوە بەڵام لەبەر ئەوەی کە کاردۆی کوڕی منداڵ بووە، بۆ ماوەیەک لە کاری ھونەری دابڕاوە.
دوای ماوەیەک دابڕان مەرزیە فەریقی دەست دەکاتەوە بە کاری ھونەری و لە ساڵی ١٩٩٥دا، لەگەڵ ناسر ڕەزازی ئەلبومێک بە ناوی (پایز) بڵاو دەکەنەوە کە لە ٧ تراک پێک ھاتووە.
لە درێژەی کار و چالاکییە ھونەرییەکانی ھونەرمەند مەرزیە فەریقی لە ساڵی ١٩٩٩دا ئەلبومێکی تایبەت بە خۆی لە سوید بڵاو دەکاتەوە بە ناوی (بەڵێن بدە) کە لە ٧ تراک پێک ھاتووە.
دواتر لەگەڵ ناسر لە سوێد، ئیتالیا، ئەڵمانیا، سویس بەلجیکا، بەریتانیا، دانمارک، فینلاند، ئوتریش، کەنەدا، ئوسترالیا و ئەمریکا لە ئاھەنگ و بەرنامەدا بەشداریان کردووە مەرزیە کاری ھونەری خۆی لەوێ پەرە پێ داوە و ھەمیشە داکۆکیکەری مافی ژنانیش بووە.
دوای ئەم ئەلبومە مەرزیە فەریقی چەند کۆنسێرتی لە چەندین شاری کوردستان و وڵاتانی دیکە گێڕاوە
ساڵی ٢٠٠٣ بۆ دواجار، کۆتا بەرھەمی بە ناوی «ھەموو شەو» بڵاو دەکاتەوە. وا بڕیار دەبێت کە ھونەرمەند مەرزیە فەریقی دوو ئەلبومی دیکە بڵاو بکاتەوە و زۆرینەی کارە میوزیکەکانی ھەردوو ئەلبومەکە بەشێکی تەواو و بەشێکیشی لە قۆناغی ئامادەکردندا دەبێن؛ تەنھا ئەوە دەمێنێت دەنگی مەرزیەیان لەسەر تۆمار بکرێت بەڵام بەداخەوە مەرگ ڕێگای پێ نادات ئەم کارانەی بە ئەنجام بگەیەنێت. لە ڕێکەوتی ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٥، بەھۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی سوید کۆچی دوای دەکات و تەرمەکەی دەگەڕێنرێتەوە کوردستان و لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی بە خاک دەسپێردرێت.
...
هۆنراوە: هێمن
Lyrics:
وەرە یارم وەرە ئەی تازە یارم
وەرە ئەستێرەکەی شەوگاری تارم
وەرە ئەی شاپەڕی باڵی خەیاڵم
وەرە ئەی شەوچرای ڕووناکی ماڵم
وەرە با دەست لە باڵاکەت وەرێنم
وەرە کوڵمەم لە کوڵمەی تۆ خشێنم
وەرە با دەست لە باڵاکەت وەرێنم
وەرە کوڵمەم لە کوڵمەی تۆ خشێنم
وەرە سووربە لەسەر وادە و بەڵێنی
وەرە کوردبە و مەکە پەیمان شکێنی
وەرە گیانم فیدای چاوی ڕەشی تۆ
وەرە با هەست بکەم گەرمی لەشی تۆ
وەرە گیانم فیدای چاوی ڕەشی تۆ
وەرە با هەست بکەم گەرمی لەشی تۆ
وەرە ماچم دەیە ماچی خودایی
کە بێزارم لە ماچی سینەمایی