Рет қаралды 1,729
کڵاوس شترایشەر، کۆنسووڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " ئەڵمانیا وڵاتێکە پێویستی بە کۆچبەرە" و، روونیکردەوە کە ئەڵمانیا پێویستی بەوەیە کەسانی "بەتوانا و لێهاتوو" بە رێگەی یاسایی کۆچ بکەن بۆ ئەڵمانیا، یاسایەکی تازەی ئاسانکاریکردنیش لەوماوەیەدا دەردەچێت لە ئەڵمانیا.
کۆنسووڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کە لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ) دا قسەی کرد، سەبارەت نزیکەی ئەو ٣٠ هەزار هاووڵاتییە عێراقییەی داوای پەنابەری و مانەوەیان لە ئەڵمانیا رەتکراوەتەوە ، دەڵێ ئەوانەش یەکسەر بە زۆر نانێردرێنەوە و هەوڵدەدەن بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە " بێگومان کاری لەپێشینەی ئێمەش ئەوە نییە بە زۆر بیاننێرینەوە، بەڵکو رێگەی ئێمە هەمیشە ئەوەیە کە دەمانەوێت ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە. بۆیە بەشێوەیەکی سەرەکی کاتێک ئەم کەسانە داواکارییان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پێدەگات بۆ ئەوەی ئەڵمانیا بەجێبێڵن، هەمیشە دەرفەتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان پێدەدرێت و تەنیا کاتێک ئەگەر پابەند نەبن ئینجا رەنگە بەهێز دیپۆرتیان بکەینەوە یان بیانگەڕێنینەوە". هەروەها ئەوانەی ئارەزوومەندانە و بەزۆر دەنێردرێنەوە یارمەتی دەدەرێن بۆ ئەوەی بتوانن تێکەڵاوی کۆمەڵگەکانیان ببنەوە.
هەروەها سەبارەت بە کوردانی رۆژئاوای کوردستان کە لە رێگەی کۆنسوولخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر کارە یاساییەکانی کۆکردنەوەی خێزان دەکەن بۆ ئەوەی بگەنەوە خێزانەکەیان لە ئەڵمانیا و بەهۆی تووندکردنی رێوشوێنەکانی هاتن بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، کۆنسوولی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر دەڵێت " بە هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق چارەسەرێکمان دۆزییەوە کە وادەکات ئەو کەسانە بتوانن بێنە کۆنسووڵخانە و مامەڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی ئێمە دۆسیەی یەکگرتنەوەی خێزانەکەیان رایی بکەین".
رۆژی ٢٠ی ئوکتۆبەر لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، ئەوە جێگەی دڵخۆشی ئەڵمانیایە، چونکە دواکەوتنی بۆ ئەوان ناخۆش بووە " بێگومان بۆ ئێمەش کێشە بوو وەکو دۆست و هاوبەشی نزیک کە ببینین ئەم هەڵبژاردنە دوادەخرێت و دوادەخرێت". هەروەها کۆنسووڵی ئەڵمانیا دەڵێت "بێگومان ئێمە بە بەهێزی هانی هاوبەشە کوردەکانمان دەدەین کە ئەم هەڵبژاردنە نەک تەنیا لەکاتی دەستنیشانکراوی خۆیدا بکرێت، بەڵکو ئەم بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەر و گشتیش بەڕێوەبچێت".