Рет қаралды 5,836
ئیمامی غەزالی یەکێکە لەو پیاوە ئاینییانەی به‌بڕوای هه‌ندێک لە دوای پێغەمبەری ئیسلام بە دووەمین کەس دادەنرێت بەوەی لە شەڕی نەیارە فیکرییەکانیدا بە بۆچوونە چەقبەستووەکانی لێنەگەڕاوە ئەو ئایینە لەناویشیدا مەزهەبی سونی به‌ره‌و خۆنوێکردنه‌وه یان ڕوونتر بڵێم هه‌ڵگری لێكدانه‌وه‌ی تر بێ. بۆیە ئەهلی سونە ناسناوی بەهانەی ئیسلامیان پێبەخشیوە.
له‌گه‌ڵ هاتنه ناوه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی، لە یەکێک لە سەردەمەکانی مێژووی ئیسلامدا چەند پرسێك سه‌ریهه‌ڵدا و له‌به‌ر ناکۆکی لە بیروباوەڕیان لەسەر ئەو پرسانە دواجار گروپی جیا جیای وەک ئەشعەری و موعتەزیلەی لێکەوتەوە.
ده‌یانپرسی ئایا ئەوە خوایە ئێمە ئاڕاستە دەکا بەو مانایایەی کە من دەست بۆ گڵاسەکەی بەردەمم درێژ دەکەم ئەوە ویستی خوایە ئەو کارەم پێدەکا یان ویستی خۆم؟ یان کە من خراپەیەک دەکەم ئەوە خۆمم ئەو خراپەیە دەکەم یان ئەوە خوایە پێمدەکا، ئەگەر خوا پێمدەکا بۆچی پاشان سزام دەدا؟ یان ئایا خوا ئێمەی لەسەر شێوەی خۆی دروست کردووە، واتا ئێمە بەشێكین لە خوا؟ یان ئەو گەردوونە هەرهەبووە، یان لە خواوە دەرهاتووە و پەیدابووە، یانیش خوا لە هیچەوە دروستیکردووە؟ ئه‌دی ئه‌و خوایه خۆی چییە، لەناو لەشێکدایە، بە ئاگایە واتا عەقڵە، یان خوا نە لەشە و نە عەقڵیشە بەڵکو بەس ویستە و داوا دەکا؟
بە بۆچوونی غەزالی خوا تاک و تەنیایە و هەرهەبووە و هەرهەیە، نە لەسەر هیچ شتێک وەستاوە و نە لەناو زەمەنیشدایە واتا لە دەرەوەی کات و شوێنە و هەموو شتێکیشە نەک چەند شتێك به مانای هه‌مه‌کییه نه‌ک هه‌نده‌کی.
خوا تاکە، ئەگەر هەر شتێک لە دوو شت پێکهاتبوو بۆ نموونە کە ئاو لە هایدرۆجین و ئۆکسجین پێکهاتووە کاتێك ئەم دووانە لێک جودا ببنەوە شتێک بوونی نامێنێ بەناوی ئاو. ئەگەر خواش لە دوو شت پێکهاتبێ لە کاتی لێکبوونەوەی ئەو دوو شتە خوا بوونی نامێنێ کەواتە پێویستە خوا تاک و بێهاوبه‌ش بێ.
خوا هەر هەبووە و هەرهەیە، هه‌بوونه‌که‌شی لە دەرەوەی شوێن و کاتە، هەر شتێک لەناو شوێن و کات بوو گۆڕانی بەسەر دادێ و وەک خۆی نامێنێتەوە بەڵام خوا هه‌ر ده‌بێ خوا بێ نابێ ببێتە شتێکی تر.
خوا هەمه‌کییه نه‌ک هه‌نده‌کی. کەواتە کە من دەست بۆ گڵاسەکە درێژ دەکەم هەموو ئەو کارە بە ویستی خوایە نەک بە ویستی خۆم چونکه خوا هەموو شتێکە و ناکرێ هەندێک شت ئەو پێمی بکا و هەندێک شتیش من بە ویستی خۆم بیکەم، ئەگەر وابێ ئەوکاتە خوا دەبێتە چەند شتێک، کەچی خوا هەمووە و دابەش نابێ بەسەر چەند.
هەر کردەوەیەکیش ئەگەر خراپ بێ لەبەرئەوە خراپە خوا پێی خراپە. کوشتنی مرۆڤێک بۆیە خراپە خوا پێی خراپە نەک لەبەرئەوەی مرۆڤێک گیانی لەدەست دەدا. ئه‌وه‌ی خراپەیەکیش دەکا مافی ئەوەی نییە له خوا بپرسێ ئەو خراپەیەم پێدەکەی بۆچی دواتر سزام دەدەی، خوا ئازادە چی دەکا و چی ناکا کەس بۆی نییە لێیبپرسێته‌وه، یان بڵێ نه‌ده‌بوو ئەو کارەم پێ بکەی، کەس بۆی نییە ئەرک بە خوا بسپێرێ.
لە بەرانبەر ئەو بۆچوونانەشی پێیانوابوو خوا مرۆڤی لەسەر شێوەی خۆی دروستکردووە، یان ئایا ئه‌و گەردوونه هەرهەبووە یان لەناو خواوه دەرهاتووە، غەزالی ئەو قسانە ڕەتدەکاتەوە و پێیوایە ناکرێ خوا دابەش بکرێ یان شتێکی لێ جیاببێتەوە. ئەگەر قەڵەمەکەی دەستم پارچەیەکی لێببێتەوە ئەوکاتە ئەو پارچەیەی دەمێنێتەوە بە نیوەیی ماوەتەوە و گۆڕاوە بەڵام خوا ناگۆڕێ. ناشکرێ له یه‌ک کاتدا خوا هه‌رهه‌بووبێ و له به‌رانبه‌ردا گەردوونیش هەرهەبووبێ، پێوێسته سه‌ره‌تا یەک شت هەرهەبووبێ و شتەکانی تر به فه‌رمانی ئه‌و شته هه‌رهه‌بووه‌وه که خوایه دروستبووبن. بۆیە ده‌ڵێ خوا گەردوونی لە هیچەوە دروستکردووە.
لە وەڵامی ئەو پرسەشی کە دەڵێ خوا چییە، بە بۆچوونی ئەو خوا بە تەنیا ویستە واتا به‌س داوایە. بۆیه نابێ له‌ش بێ، لەش مادەیە و مادەش پێویستی بە شوێن و کات هەیە هەر شتێکێش کەوتە ناو شوێن و کاتەوە گۆڕانی بەسەر دادێ. نابێ عەقڵیش بێ، به‌پێی سیسته‌می دیالێکتیک عه‌قڵ زانینە، یەکەم کاری زانینیش بەئاگابوونە لەخۆ کەواتە خۆ لەبەردەم زانین دەبێتە کەرەستە و لەخۆی نامۆ دەبێ، ئیدی لێرەوە ململانێ دەکەوێتە نێوانیان. کاتێکیش دۆخی ململانێ تەواو دەبێ دۆخێکی تر دەست پێدەکا، واتا گۆڕانێک ڕوودەدا. بۆیە خوا نە لەشە پێویستی بە شوێن و کات بێ و دواتریش گۆڕانی بەسەر دابێ، نە عەقڵیشە لە ناوخۆی دووچاری ململانێ ببێ، خوا تاکه و هەڵگری دژەکەی خۆی نییە هەتا گۆڕانی لەناو ڕووبدا.
بەڵام لە دواجار ئەو ئه‌نجامه‌ی له بۆچوونەکانی غەزالی ده‌که‌وێته‌وه ئەوەیە مادام خوا گۆڕانی به‌سه‌ر دانایێ، یان گۆڕانی له‌ناو ڕوونادا، دیاره له دۆخێکی وه‌ستاوه، که‌وایه چۆن توانای جوڵاندنی هه‌یه؟ هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر خوا بە تەنیا ویستە، چۆن دەکرێ بەس ویست بێ بەبێ زانین و ئاگایی واتا بەبێ عەقڵ یان عه‌قڵ چۆن هه‌یه به‌بێ بوون؟
کتێبی دەنگی ـ ئیمامی غەزالی
نوسینی : ڕێکەوت عەزیز
خوێندنەوەی : ئیدیس مەلا مەحسین
کاری دەنگی : ڕێبین کازم بندیان
بەرهەمی کتێبخانەی ڕۆشنایی دەنگی
لینکی کەناڵی ڕۆشنایی دەنگی
/ @roshnayi5317