Рет қаралды 9,718
زێوه‌ر ناوی ته‌واوه‌تی بریتییه له (عه‌بدوڵڵا كوڕی محه‌مه‌دی مه‌لا ڕه‌سوڵ)، له‌ساڵی ١٨٧٥زاینی له‌سلێمانی له‌دایكبووه، حوجره‌و مزگه‌وت كانگای به‌هره‌ی خوێندنی بووه، جگه له‌زمانی كوردی، زمانه‌كانی (فارسی، توركی‌و عه‌ره‌بی)شی زانیوه‌و هۆنراوه‌ی به‌هه‌ریه‌ك له‌و زمانانه‌ش نووسیوه.
ژیانی
عه‌بدوڵڵای كوڕی محه‌مه‌دی مه‌لا ڕه‌سوڵ وشه‌ی (زێوه‌ر)ی بۆخۆی هه‌ڵبژاردووه‌و كردوویه‌تی به‌نازناوی هۆنراوه‌كانی، له‌ڕۆژی ١٠/١١/١٩٤٨ له‌شاری سلێمانی له‌ته‌مه‌نی ٧٣ ساڵیدا ماڵئاوایی له‌م جیهانه كردووه‌و له‌گردی سه‌یوان به‌خاكی نیشتمان سپێردراوه.
ـ زێوه‌ر هه‌ر له‌ته‌مه‌نی لاوێتیدا دیمه‌نه ڕه‌نگاو ره‌نگه‌كانی كوردستان كارییان كردووه‌ته‌سه‌ر دڵ‌و ده‌روونی‌و هه‌ستی ناسكیان جوڵاندووه.
ـ تام‌و بۆنی شیعره‌كانی مه‌وله‌وی‌و نالی له‌هه‌موو ده‌ماره‌كانیدا هاتووچۆیان كردووه‌و سۆزیان بزاندووه.
ـ دیوانی شاعیره فارسه‌كانیش كارییان تێكردووه‌و هه‌ستییان جوڵاندووه، وایان لێكردووه كه باوه‌ش به‌ئاسۆی شیعردا بكات.
ـ هه‌روه‌ها سته‌م‌و زۆرداریی‌و ڕۆژگارو چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌وه‌نده‌ی تر دڵیان هێناوه‌ته كوڵ‌و به‌ره‌و دنیای شیعری‌یان بردووه‌و ئیلهامی شیعری‌یان به‌هێزتر كردووه.
رووخساری هۆنراوه‌كان‌و ناوه‌ڕۆكی شیعری
هۆنراوه‌كانی له‌باره‌ی دڵداری‌و خۆشه‌ویستی، وه‌سفی سروشت، كۆمه‌ڵایه‌تیی، نیشتمانپه‌روه‌ریی‌و نه‌ته‌وه‌یی، فێركردن‌و هاندان بۆ خوێندن‌و پێشكه‌وتن، فه‌لسه‌فه‌وه بوون، واته له‌ڕووی مه‌به‌سته‌وه ده‌كرێن به‌مجۆرانه: (دڵداریی‌و خۆشه‌ویستیی).
زێوه‌ر وه‌كو شاعیره‌كانی تر له‌سه‌ره‌تادا كه‌وتووه‌ته مه‌یدانی دڵداریی‌و خۆشه‌ویستییه‌وه، له‌وبواره‌شدا ئه‌سپی خه‌یاڵی تاوداوه‌و په‌پووله‌ی ئاره‌زووی له‌ڕه‌نگینترین باخچه نیشتووه‌ته‌وه، بیری ورد‌و خه‌یاڵی ناسك‌و سۆزی به‌تین له‌هۆنراوه‌كانیدا دیارن، شاعیرانیش زێوه‌ر به‌یه‌كێك له‌شاعیره‌كانی ڕیزی پێشه‌وه‌ی بابه‌تی هۆنراوه‌ی دڵداریی له‌ئه‌ده‌بیاتی كلاسیزمی كوردیدا ناوده‌به‌ن.